ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری ماندوونه‌ناس و پێشه‌وا
ماموستا ئیبراهیم مه‌ردۆخی
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری مرۆڤایه‌تی! سڵاوی خودای گه‌وره‌ت له‌سه‌ر، پێش خه‌ڵاتی پێغه‌مبه‌ری، پێش گه‌یشتنت به‌سه‌روه‌ری، له به‌ر ناباری بارودۆخی ئاڵۆزی كۆمه‌ڵگاكه‌ت، له‌به‌ر بێوێڵی و نه‌زانی گه‌ل و هۆزه بێئاگاكهت، كۆمه‌ڵگاكه‌ت به‌جێهێشت و روت كرده ئه‌شكه‌وتی حیرا، له‌و ته‌نیایی و بهبێزڵه و ئارامیه‌دا، راده‌مایت و بیرت له‌وه ده‌كرده‌وه، ئاخۆ ئه‌م بوونه‌وه‌ره پان و به‌رینه، ئا ئه‌م جیهانه ئاڵ و واڵ و ره‌نگینه، ئه‌م ئاسمانه به‌رفراوان و به‌رز و شینه، تریفه‌ی ئه‌م هه‌تاو و مانگ و ئه‌ستێرانه، ئه‌م هه‌موو زینده‌وه‌ر و گیانله‌به‌رانه، چین و چۆنن و بۆ دروست كراون؟!
ئاخۆ ده‌ستی ره‌نگینی كێ ئه‌م تابلۆیه نه‌خشاندوه؟! ئه‌م هه‌لومه‌رجه فراوانه‌ی بۆ ئه‌م مرۆڤه ره‌خساندوه؟! ئاخۆ ئه‌م مرۆڤه هه‌روه‌ها ره‌ها كراوه؟! له‌م گۆڕه‌پانی ژیانه‌دا مۆڵه‌ت دراوه هه‌رچی كه كه‌یفی لێیه‌تی ئه‌نجامی بدا؟! چاوه‌كان پڕ له فرمێسك و زام و برینه‌كان ناسۆر كا؟! تام و چێژ له خوێن مژین و خوێن رشتن و چه‌وسانه‌وه و هه‌نسك و ئاخ و ئۆف ببا؟!
ئاخۆ رۆژی لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نه‌بێ سه‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌رچی و په‌رچیه چی لێدێ؟ خۆزگا و بریا بمزانیبا، ئه‌م بارودۆخه پیس و پڵۆخه تاكه‌ی و چه‌نده بڕ ده‌كا؟! كه‌ی گێژهڵوكهی ئاه و نزوله و دووكه‌ڵی ده‌رونی سته‌ملێكراوه‌كان، زلهێز و چه‌وسێنه‌ران و سته‌مكاره‌كان قڕدهكا؟! خۆزگه و بریا بم زانیبا؟!! ...
كه‌ی حه‌ق و مافی بزنی كۆڵ، له بزنی شاخدار دهسنرێ؟ كه‌ی ریشه و ره‌گه‌زی سته‌م له‌بنج و بێخ ده‌رده‌هێنرێ؟ له‌زه‌ریای قووڵ و بێ بنی ئه‌م بیر و بگره و به‌رده‌دا رۆچوبویت و نقوم بوبویت.
له‌پڕ ده‌هه‌نده‌یی و دلۆڤانی یه‌زدانی بهبهزهوی، سه‌رڕێژی كرد، ره‌هێڵه و رێژنه‌ی سروشی گه‌یه زه‌وی، به ووشه‌ی (اقرا باسم ربك الذی) ته‌خت و تاجی زلهێزانی زه‌وی، له‌رزی و دڵیان ته‌زی، تیشكی په‌یامی پیرۆزی په‌روه‌ردگارت، شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌نگوسته چاوی نه‌زانی شڵه‌قاند، سه‌ره‌تای پێغه‌مبه‌رایه‌تی و به‌رپرسیه‌تی ئه‌تۆی به‌رێزی راگه‌یاند، وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و بریا و ئاخۆ وخۆزگایانهت درایه‌وه، ده‌روازه‌ی خێر و بێر له مرۆڤ كرایه‌وه، به‌هۆی وه‌حی و سرووشی خوداوه، قورئانی پیرۆزت خه‌ڵات كرا، بانگی یه‌كتاپه‌رستی و بیر و بڕوای راسته‌قینه درا، خێرا له ئه‌شكه‌وتی حیرا دابه‌زیت، به‌ره‌و كۆمه‌ڵگا ژڵه‌ژاو و وێرانهكهت كه‌وتیته رێ، قوناغ به‌قوناغ پێ به پێ، له‌ترسی هیچ كه‌س نه‌له‌رزیت، له‌خه‌باتكردن نه‌به‌زیت، هه‌ستت به لێپرسراوی كرد، سوژده و كڕنوشت ته‌نیا بۆ په‌روه‌ردگار برد، بڕیارتدا ئه‌م په‌یامه راگه‌یه‌نیت، واز له هه‌موو كاڵای ئاڵ و واڵی ئه‌م دنیایه بێنیت، به‌دروشمی "لااله الا الله" ده‌نگت هه‌ڵبڕی، یه‌كتاپه‌رستی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا چڕی.
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری ماندوونه‌ناس و پێشه‌وا، ئه‌ی هه‌ڵگر و پارێزه‌ر و راگه‌یه‌نه‌ری په‌یام و خه‌ڵاتی خودا! (یاایها المزمل) له‌شیرین خه‌ودا دای چڵهكاندی، به‌ندایه‌تی و شه‌و نوێژكردنت كرد به قه‌ڵغان و نهسروتی، له‌ترسی خودا هه‌رگیز پڕ به چاوه‌كانی خۆت نه‌خه‌وتی، (یاایها المدثر) و (ق‌م فانذر) رایپهڕاندی، تاكو ئه‌و رۆژه‌ی كه‌وا، بوی به میوانی په‌روه‌ردگارت، خۆشی و ئیسراحه‌ت و سره‌وتنی لێ ستاندی، شه‌وت له گه‌ڵ رۆژ گرێ ده‌دا و، رۆژیشت ده‌دایه ده‌م شه‌و، ئه‌م قورئانه پیرۆزه‌ی خودات، بهههڵسو كه‌وت و كرده‌وه، به‌ده‌رس ووتنه‌وه و خوێندنه‌وه، به گوتار و راڤه و شرۆڤه و توێژینه‌وه، به گه‌ل و هۆزه‌كه‌ت گه‌یاند، به‌ئاكار و كرده‌وه‌ی جوان، چین و توێژێكی زۆر چاك و پاك و به‌رز و به‌ڕێزت تێگه‌یاند و پێ گه‌یاند، كردنت به سه‌رمه‌شق و نمونه‌ی لێهاتویی بۆ داهاتوو، گوێت به‌و هه‌موو ئه‌زیه‌ت و ئازاره نه‌دا، بانگه‌وازه ناوازه‌كه‌ت درێژه پێدا. ( واصبرعلی مایقولون. واهجر هم هجرا جمیلا )ت كرد به‌ریبازی پیرۆز و رێگای نه‌جات، هه‌تاكو دنیا دنیایه ،ئه‌م رچه و رێبازه جوانه‌ت له بره‌ودایه و، شوێنكه‌وتوانی ئه‌م قورئانه، سڵاوات و درودی خودات له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌ر دۆعای خێرت بۆ ده‌كه‌ن.
جاكه واته ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! درودی خوای گه‌وره‌ت له‌سه‌ر، خودا پاداشی باشی شایانی شان و شكۆت له‌بریتی ئێمه پێ‌بدا، وه‌سیله و فه‌زیله و مه‌قامی مهحمودت پێشكه‌ش بكا، لێزمه‌ی بارانی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار، هه‌ر وه‌كو شه‌ست ره‌هێڵه و وه‌شتی به‌هار، به‌سه‌ر ئه‌تۆی خۆشه‌ویست و یاره وهفادارهكانتا بڕژێته خوار.
هذا محمد يا بشر